سەرکردەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەیەکی شەوی ڕابردوودا جەختیان لەسەر پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان و پەسەندکردنی یاسا سەرەکییە مشتومڕاوییەکان کردەوە، کە لە دوای ساڵی 2003وە لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەریان ڕێکنەکەوتوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی داوا دەکات لەم خولەی پەرلەماندا پڕۆژەیاساکانی (نەوت و غاز، حەشدی شەعبی، دادگەی فیدراڵی، و ئەنجومەنی فیدراڵی) یەکلا ببنەوە، چونکە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو ئەم بابهتانه هەمیشە جێگەی ناکۆکیی توند بوون لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراقدا، بەتایبەت کورد، شیعە و سوننە.
سەرکردەکانی هاوپەیمانییەکە لە کۆبوونەوەکەیانیدا خستیانە ڕوو کە پێویستە پەلە بکرێت لە تەواوکردنی کابینەی حکومەت و پڕکردنەوەی پۆستە وەزارییە بەتاڵەکان. هەروەها لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا لەسەر دۆخی ناوخۆیی عێراق، پێشهات و گۆڕانکارییە ناوچەیییەکان و ئەو ئاڵنگارییە ئەمنی و سیاسییانەی کە ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە.