باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشدارییەکی بەپەلەی ئەمنی ئاڕاستەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد، و تیشکی خستە سەر مەترسیی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن و ئەگەری تێکچوون یان هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە باڵیۆزخانەکە بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە بەهۆی گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکەوە، ڕەوشی ئەمنی ئاڵۆزە و دوورنییە ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی، ناوەندە دیپلۆماسییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکەنە ئامانج.
هەروەها باڵیۆزخانەکە هۆشداریی داوە لە ئەگەری دواکەوتن، هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان یان تەنانەت داخرانی ئاسمانی ناوچەکە، و داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە بە وردبینییەوە بەدواداچوون بۆ ڕەوشی گەشتەکانیان بکەن لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، هەولێر، بەسرە و سلێمانی.
لە دەقی هۆشدارییەکەدا داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کراوە کە لەو شوێنانەی پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە دوور بکەنەوە، و لە کاتی پێویستیشدا پەیوەندی بە ژمارە و ئیمەیڵە فەرمییەکانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکاوە بکەن.