ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ی تەممووزی 2026، سزای لەسێدارەدانی دوو خۆپێشاندەر بە ناوەکانی عیرفان ئەسفەندیاری و گوڵ محەممەد محەممەدی بە فەرمی جێبەجێ کراوە.
ئەم دوو گەنجە لە زستانی ڕابردوو و لە کاتی خۆپێشاندانەکانی شاری ئەسفەهان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوون، دۆسیەشیان پەیوەستە بەو پێکدادانە ناوخۆییانەی، کە لەو ماوەیەدا لە ئەسفەهان ڕوویاندا و بوونە هۆی کوژرانی چوار ئەندامی هێزەکانی بەسیج و یەکەی تایبەت.
لە کاتی ئەو گرژیانە و دوای کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکانیش، هێزە ئەمنییەکان 59 کەسیان لە شارەکەدا دەستبەسەر کرد و تۆمەتی کوشتنی ئەو هێزە چەکدارانەیان دایە پاڵ کۆمەڵێک لە دەستبەسەرکراوەکان کە ئەم دوو گەنجەش لە نێویاندا بوون.
جێبەجێکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدا دێت، کە هەفتەی ڕابردوو، لیژنەی بەدواداچوونی دۆخی دەستبەسەرکراوان هۆشداریی دابوو لەوەی، کە سزای سێدارەی 12 خۆپێشاندەری دیکە لەلایەن دیوانی باڵاوە پەسەند کراوە و مەترسیی جێبەجێکردنی لەسەرە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی لێژنەکە، لە نێو ئەو کەسانەی کە حوکمەکانیان پەسەند کراوە، چەندین مێرمنداڵ و هاووڵاتیی بە ڕەچەڵەک ئەفغانستانی هەن، کە بەهۆی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتییەکاندا ڕووبەڕووی توندترین سزا کراونەتەوە.