هاوشانی بەرزبوونەوەی پێوانەیی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا، کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی قوڵی کورتهێنانی وزەی کارەبا بووەتەوە.
ئەم دۆخە نەک هەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی پەکخستووە و بووەتە هۆی پچڕانی ئاوی خواردنەوە، بەڵکو کەرتی پیشەسازیی وڵاتەکەشی تووشی زیانی قورسی دارایی کردووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران، لە کاتی لوتکەی گەرمای ئەمساڵدا پێداویستیی کارەبای وڵاتەکە دەگاتە نزیکەی 82 هەزار مێگاوات، لە کاتێکدا توانای ڕاستەقینەی دابینکردنی کارەبا تەنیا 68 هەزار مێگاواتە، بەمەش قەبارەی کورتهێنان گەیشتووەتە زیاتر لە 13 هەزار مێگاوات.
ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردووشدا کێشەی کەمبوونی کارەبا بوونی هەبووە، بەڵام شەڕی 40 ڕۆژەی ئەمساڵ گورزێکی کوشندەی لە ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە داوە. لە ئەنجامی هێرشەکاندا، زیاتر لە دوو هەزار خاڵی تۆڕی گواستنەوەی کارەبا زیانیان پێگەیشتووە و نزیکەی پێنج هەزار مێگاوات لە توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکان کەمی کردووە، کە قەبارەی زیانەکان بە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێندرێت.
ئەم زیانە گەورانە بوونەتە هۆی دەستپێکردنی بڕانی بەرنامەبۆداڕێژراوی کارەبا لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێراندا، بە شێوەیەک کە ڕۆژانە ٢ بۆ ٤ کاتژمێر کارەبای ناوچە جیاوازەکان دەپچڕێت. پچڕانی کارەبا ڕاستەوخۆ کارپێکردنی پاڵاوگە و وێستگەکانی ئاویشی پەکخستووە و کێشەی کەمئاویی قووڵتر کردووەتەوە.
هاوكات کارگە گەورەکانی پیشەسازی و فەرمانگە فەرمییەکان ڕووبەڕووی سنووردارکردنی توندی کاتەکانی کارکردن بوونەتەوە، ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەی بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی هێناوە و داتەپینی ئابووریی وڵاتەکەی خێراتر کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، لەدوای دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، شەپۆلێکی توندی ترس و نیگەرانی لەنێو شەقامی ئێرانیدا بڵاوبووەتەوە، بەتایبەت دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە ڕایگەیاندبوو ئەگەری هەیە لە قۆناغەکانی داهاتوودا ژێرخانی کارەبای ئێران بە تەواوی بکەنە ئامانج.
چاودێران هۆشداری دەدەن، کە ئەگەر کەرتی بازرگانی و پیشەسازیی ئێران (کارەبا) لەناو بچێت، دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە دەیان ساڵ بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە.