دەستەی ئۆپراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا ڕایگەیاند کە کەشتییەکی بارهەڵگر لە ئاوەکانی گەرووی هورمز لە نزیک پارێزگای موسەندەمی عومان بەموشەک کرایە ئامانج .
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی دەستەی ئۆپراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا UKMTO، ڕووداوەکە لە دووری 20 میلی دەریایی (نزیکەی 37کیلومەتر) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی "خەسەب"ی سەر بە سەلتەنەتی عومان لە گەرووی هورمز ڕووی داوە.
کەشتییە بارهەڵگرەکە، کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، بە دەستەکەی ڕاگەیاندووە کە پێکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر گیانلەدەستدان، برینداربوون یان زیانی گیانی و مادیی گەورە ڕانەگەێنراوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ئاڵۆزییەکان لە گەرووی هورمز گەیشتوونەتە لووتکە؛ هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە لەسەر داوای تاران و بە پشتیوانیی وڵاتانی کەنداو دانوستان لەگەڵ ئێراندا بەڕێوەدەچێت، بەڵام تاران بوونی هەرجۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ واشنتن ڕەتکردووەتەوە.