بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاند کە کەشتییەکی بازرگانی لە ئاوەکانی کەنداو کراوەتە ئامانج و پەلامارەکەیان خستە ئهستۆی هێزەکانی ئەمریکا.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی فەرمیی ئێران لەسەر زاری ئەمیر تەیموری، پارێزگاری قشم، کەشتییەکی بازرگانی لە ئاوەکانی باشووری وڵاتەکە ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە. تەیموری هێرشەکەی بە "پەلاماری تیرۆریستیی ئەمریکا" وەسف کرد و ئاشکرای کرد کە لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هێرشەکە کاتژمێر 5:00ی بەیانی بە کاتی ناوخۆ لە ناوچەی دوورگەی هەنگام و کەناراوەکانی شێب دەراز لە سەر بە دوورگەی قشم ڕوویداوە. تا ئێستا وردەکاریی زیاتر دەربارەی ناسنامەی کەشتییەکە و چۆنێتیی ڕووداوەکە ڕانەگەیەندراوە.
لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) بڵاوی کردەوە کە کەشتییەک لە کاتی تێپەڕبوونی لە گەرووی هورمز بە تەقەمەنییەکی نەناسراو پێکراوە، بەڵام ئاماژەی بە زیانی گیانیی ڕاستەوخۆ لە زانیارییە سەرەتاییەکانیدا نەکردبوو.