ڕاستەوخۆ

10 کەشتی لە گەرووی هورمز پەڕیونەتەوە بەڵام ‌هێشتا جوڵەی بازرگانی سنووردارە

reset font size increase font size

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان کە ئاشکرا کراون، ڕێژەی تێپەڕبوونی کەشتییە بارهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز کەمێک ڕووی لە زیادبوون کردووە، بەڵام جەنگ و ئاڵۆزییە سەربازییەکان هێشتا کاریگەریی قورسیان لەسەر گواستنەوەی وزەی جیهانی هێشتووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە 10 کەشتیی هەڵگری کەلوپەل و سووتەمەنی لە گەرووی هورمز پەڕیونەتەوە، لە کاتێکدا ڕۆژی پێشتر تەنیا 7 کەشتی تێپەڕیبوون. ئامارەکان دەریئەخەن کە 9 کەشتی هاتونەتە ناو گەرووەکە (لەوانە کەشتیی گواستنەوەی کانزا، دانەوێڵە و ناقڵەیەکی بەتاڵی گازی شل) و تەنها کەشتییەکی باری پەین لە گەرووەکە چووەتە دەرەوە.

پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ی شوباتی ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژانە نزیکەی 125کەشتیی گەورەی بازرگانی و نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمزەوە پەڕیونەتەوە کە نوێنەرایەتیی 20٪ی دابینکردنی نەوتی خاو و گازی شلی سروشتیی جیهانیان دەکرد.

 لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئێرانی  بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە کە تاران خەریکی تاوتوێکردنی وەڵامی واشنتنە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بە شێوەیەک کە داواکاریی سەرەکیی ئێران هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکایە لەسەر بەندەرەکانی ئێران و کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز.

هاوکات لە گەرووی باب ئەلمەندەب، دوێنێ 27 کەشتی بارهەڵگر تێپەڕیون کە ڕەوشێکی جێگیرتر لە گەرووی هورمز نیشان دەدات.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاش ڕایگەیاند کە ڕێگرییان لە 83 کەشتیی بازرگانییان لە گەرووی هورمز کردووە  بۆ سەپاندنی گەمارۆکانی سەر ئێران، هاوکات بۆ ڕێگریکردن لە جێگیرکردنی مینە دەریاییەکان لە گەرووەکەدا.

Rebin Karim

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.