ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕایگەیاند کە سوپای ئەمریکا بە چەندین مووشەک هێرشی کردووەتە سەر وێستگەیەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەی لە پارێزگای خوزستان، بەو هۆیەشەوە تاران بە فەرمی داوای هەڵوێست لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکات.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی فەرمیی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، سوپای ئەمریکا بە بەکارهێنانی چەندین مووشەک و کەرەستەی تەقەمەنی، وێستگەی ئەتۆمیی "دارخۆین"ی لە پارێزگای خوزستان کردووەتە ئامانج.
ڕێکخراوەکە بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشەی کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم شوێنە وێستگەیەکی ئاشتییانەی کارەبایە و لەسەر ڕووباری کارون بە ئامانجی بەرهەمهێنانی ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بونیاد دەنرێت و پڕۆژەکە هێشتا بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە.
لەم چوارچێوەیەدا، تاران ئەم کارەی ئەمریکای بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ناوبردووە.
ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕاشیگەیاند کە بە فەرمی داوایان لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) کردووە بێتە دەنگ و بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشە سەربازییە بپێکێت.