بەرپرسی دابەشکردنی غاز لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت کە پڕۆسەی دابەشکردنی غاز بەسەر هاوڵاتیاندا جارێکی دیکە لە ڕێگەی پسوڵەی خۆراکەوە ڕێکدەخرێتەوە، هاوکات دڵنیایی دەدات کە هیچ قەیرانێکی کەمبوونی غاز لە ئارادا نییە.
عومەر عەبدوڵا، بەرپرسی دابەشکردنی غاز لە سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، پڕۆسەی دابەشکردنی غازی ماڵان جارێکی دیکە لە ڕێگەی پسوڵەی خۆراکەوە دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوازێکی دادپەروەرانە بگاتە دەست هاوڵاتیان.
ناوبراو دڵنیایی دایە هاوڵاتیان کە غاز بە هیچ شێوەیەک کەم نەبووەتەوە و هیچ ئەزمە و قەیرانێک لە شارەکەدا نییە، بەڵکو تەنیا ترسێک لای خەڵک دروستبووە کە وایکردووە داواکاری لەسەر کڕینی غاز زیاد بکات.
بەرپرسی دابەشکردنی غاز لە سلێمانی هۆشداریی توندیشی دایە خاوەن بەنزینخانەکان و بریکارەکان و ڕایگەیاند، هەر بەنزینخانەیەک یان شوێنێک غاز بە نرخێکی گرانتر لەو نرخە فەرمییەی کە بۆی دیاریکراوە بفرۆشێت، ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و سزای توندی یاسایی دەبێتەوە.