فۆلکەر تورک، بەرپرسی مافە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەمە ڕایگەیاند کە ئێران بەردەوامە لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بۆ "ترساندنی کۆمەڵگە" و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، و نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی لەوەی کە لە مانگی ئازارەوە تا ئێستا کەمتر لە ٥٦ کەس لەسەر تۆمەتی پێشێلکردنی ئاساییشی نیشتمانی لەسێدارە دراون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم ٢٧ کەس لەو کەسانەی لەسێدارە دراون پەیوەندییان بەو خۆپیشاندانە سەرتاسەریانەوە هەبووە کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە بەهۆی دابەزینی بەهای ریالی ئێرانی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دەستی پێ کرد و دواتر سەرجەم ناوچەکانی گرتەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵمەتێکی توندی سەرکوتکردنیان ئەنجام دا کە تیایدا هەزاران کەس کوژران، بریندار بوون یان دەستبەسەر کران.
فۆلکەر تورک ئاماژەی بەوەش دا کە دانپێدانانی زۆرێک لە سزادراوان لە ژێر ئەشکەنجەدا وەگیراوە، و چەندین پرۆسەی لەسێدارەدان بە شێوەی ئاشکرا و لە ماوەیەکی کەمدا دوای دەستبەسەرکردن ئەنجام دراون.
بۆ نموونە، ١٢ تۆمەتبار تەنها لە یەک دانیشتنی دادگای نهێنیدا کە ٣ کاتژمێری خایاندووە، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
بەرپرسی مافە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد کە سزای لەسێدارەدان هەڵوەشێننەوە و جەختی کردەوە کە سزای مردن پێچەوانەی مافی ژیان و کەرامتە مرۆییەکانە.
شایەنی باسە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن کە ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدانی لە جیهاندا هەیە.