لیژنەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان لە دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، داوای لە کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سور کرد بەدواداچوون بۆ دۆخی سێ فڕۆکەوانی ئێرانی بکات، کە بە زیندوویی لەلایەن هێزەکانی قەتەرەوە دەستبەسەر کراون.
عەمید محەممەد باقرزادە، سەرۆکی لیژنەکە، نامەیەکی ئاراستەی مریانا سپۆلیاریچ، سەرۆکی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سور کردووە. بەپێی ئاژانسی ئێرنا، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو سێ فڕۆکەوانە دوای ئەوەی لە 2ی ئاداری 2026 لە دوو فڕۆکەی جۆری سوخۆی-24 خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە، بە زیندویی لەلایەن هێزەکانی قەتەرەوە دەستبەسەر کراون.
لیژنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، شەش مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنیان تێپەڕیوە، بەڵام قەتەر ڕێگەی نەداوە هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ خێزانەکانیان یان بەرپرسانی ئێران بکەن.
لە 29ی تەمووزی ڕابردوودا، سوپای ئێران ڕایگەیاند، پشکنینی DNA گیانلەدەستدانی عەمیدی فڕۆکەوان مەجید کازمی ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی پشتڕاست کراوەتەوە.
لە 9ی ئاب، جێگری فەرماندەی هەماهەنگیی هێزی ئاسمانیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، قەتەر زانیاریی وردی دەربارەی چارەنووسی سێ فڕۆکەوانەکەی دیکە نەداوەتە وڵاتەکەی و هەوڵەکان بۆ ڕوون بوونەوی چارەنووسیان بەردەوامن.