لە هەڵمەتێکی بەرەنگاربوونەوەدا دژی سزای لەسێدارەدان، زیاتر لە 1500 زیندانی لە چەندین زیندانی جیاوازی ئێراندا بۆ هەشتەمین ڕۆژ مانگرتنیان لە خواردن بەردەوامە.
ئەم ڕێکارەی زیندانییان لە وەڵامی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەداندایە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە، کە ناڕەزایەتییەکی توندی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا بەدوای خۆیدا هێناوە.
مانگرتووان داوا دەکەن، دەستبەجێ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لەسێدارەدان ڕابگیرێت و چاو بە دۆسیەی سزادراواندا بخشێنرێتەوە. بە گوێرەی زانیاریی چالاکوانانی مافی مرۆڤ، بارودۆخی تەندروستیی ژمارەیەک لە مانگرتووان بەهۆی درێژخایەنی مانگرتنەکەوە ڕووی لە خراپی کردووە، بەڵام سەرەڕای گوشاری بەرپرسانی زیندانەکان، بەشداربووانی هەڵمەتەکە جەخت لەسەر بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانیان دەکەنەوە تاوەکو گەیشتن بە داواکارییەکانیان.