ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، سەرەڕای ئاستەنگەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەمریکا، دانوستانەکانی نێوان ئێران و عومان پێشکەوتنی ئەرێنیی بەخۆیەوە بینیوە و هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر نەخشەی جووڵەی دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا.
ئیسماعیل بەقایی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، وەک دوو دەوڵەتی هاوسنوور و کەناراو، لەگەڵ عوماندا دانوستانیان لەسەر دیاریکردنی ڕێڕەوێکی ئارام بۆ کاروباری دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا دەست پێ کردووە و ئەم هەنگاوە دەستکەوتی هاوکاریی هاوبەشی دامەزراوەیی و بەرگریی هەردوو وڵاتە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دانوستانەکان نزیکەی دوو بۆ سێ مانگ لەمەوبەر و لەگەڵ واژۆکردنی تێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ دەستیان پێ کردبوو، بەڵام ئاستەنگەکانی ئەمریکا پڕۆسەی دانووستانەکانی دواخست.
ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سێ هەفتەی ڕابردوودا دانوستانەکان بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا ڕۆیشتوون و هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر نەخشەی دیاریکراوی دەریاوانی، هەروەها ئامادەکاری بۆ دەرکردنی ڕاگەیەندراوی هاوبەش بەردەوامە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، ئەمە ڕێککەوتنێکی سەربەخۆیە لە نێوان دوو دەوڵەتی کەناراو بۆ دەستەبەرکردنی پەڕینەوەی ئارامی کەشتییەکان لەگەڵ پاراستنی مافی سەروەریی هەردوو وڵات.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ بڕیارێکی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نەداوە و ئەو پەیامانەی لە ڕێگەی قەتەر و پاکستانەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن بە دانوستان ئەژمار ناکرێن.