پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان دەربارەی سەردانەکەیان بۆ گرتووخانەی ئێدرنە و دیداریان لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و سەلجوق مزڕاکلی، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی گەورەی ئامەد بڵاو کردەوە.
شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئاماژەیان بەوە کردووە، ورەی زیندانییان بەرز بووە و تەندروستییان باشە، هەروەها لە نزیکەوە و تا ئەو شوێنەی بۆیان کرا بێت، چاودێریی پرۆسە دەکەن.
شاندی ئیمڕاڵی ڕایانگەیاندووە، لە دیدارەکەدا زانیاری لەسەر یاسای چوارچێوە و قۆناغەکانی ئەنجامدانی پرۆسەکە پێشکەش بە دەمیرتاش و مزڕاکلی کراوە و گوێ لە هەڵسەنگاندن و پێشنیازەکانیان گیراوە.
دەمیرتاش و مزمڕاکلی جەختیان کردووەتەوە، پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە بە پشتگیرییەکی گەورەوە لە پەرلەمانی تورکیا هەنگاوێکی زۆر بەنرخە، هەروەها هیوایان خواستووە تەواوی لایەنەکان ئەرکی سەر شانی خۆیان بۆ چەسپاندنی جێبەجێ بکەن.
شاندی دەم پارتی ڕایانگەیاندووە، نابێت دەمیرتاش و سیاسییەکانی دیکە تەنانەت کاتژمێرێکیش لە ئازادی بێبەش بن، ئەمە پێویستییەکی دادپەروەری و سەرکەوتنی پرۆسەکەیە.
شاندەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، کۆتاییهێنان بەو نادادییەی ساڵانێکە دەرهەق بە زیندانییانی سیاسی دەکرێت، بە تایبەت لە دوای دەستپێکردنی ئەم قۆناغە نوێیەی یاسای چوارچێوە، خزمەتێکی گەورە بە چەسپاندنی ئاشتی و دیموکراسی دەکات.