پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) خۆی بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیداری سیاسی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی تورکیا ئامادە دەکات؛ هەڵسەنگاندنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان و پڕۆژەیاسای چوارچێوە مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکان دەبن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕووداو لە چەند سەرچاوەیەکی باڵای دەم پارتییەوە، دوای دیداری شاندی ئیمڕاڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، شاندێکی پارتییەکە سەردانی لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەکات. ئامانج لە سەرەکیی سەردانەکە تاوتوێکردنی دوایین هەڵسەنگاندنەکانی ئۆجالان و ئامادەکردنی دواڕەشنووسی "یاسای چوارچێوە"یە.
پێشتریش بەرپرسانی دەم پارتی ڕایانگیەیاندبوو کە ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە دەکەنە دەستی ئۆجالان، تاوەکو ڕا و پێشنیازەکانی خۆی لەسەر بڕگە و خاڵەکانی بنووسێت و دیاری بكات كەم بڕگەیان پەسەند دەکات یان ڕەتدەکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی شاندی دەم پارتیدا هاتبوو، ئۆجالان لە دوایین دیداریاندا جەختی لەسەر پێویستیی ناو نانی هەنگاوی یاسایی و بەردەوامییدان بە پڕۆسەی ئاشتی کردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوەڕۆکی وردی ڕەشنووسی یاسای چوارچێوەیان ئاشکرا نەکردووە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، یەکبەدوای کۆتاییهاتنی زنجیرە کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیادا، دەقەکە ئاراستەی کۆمیسیۆنی دادی پەرلەمان دەکرێت. چاوەڕوانیش دەکرێت لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا پڕۆژەیاساکە بەکۆتا بهێنرێت و بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا بۆ دەنگدان.