هاوتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیی گەلان (هەدەکە) ڕایگەیاند، سەرەڕای هەموو گومانەکان، بە ملیۆنان هۆکار بۆ باوەڕبوون بە ئاشتی هەن و دەبێت ئاشتییەک بونیاد بنرێت کە سوود بە سەرجەم کۆمەڵگە بگەیەنێت.
مێراڵ دانیش بێشتاش لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا کە لەلایەن ڕێکخستنەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی) لە ناوچەی قۆڤانچیانی چەولک ساز کرابوو، وتارێکی پێشکەش کرد و سەرنجی خستە سەر چارەسەرکردنی ململانێکان لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستاندنەوە.
بێشتاش ئاماژەی بەوە دا: "لەوانەیە بە هەزاران هۆکارمان هەبێت بۆ بێباوەڕیمان بە ئاشتی، بەڵام بۆ ئەوەی بڕوا بکەین بە ملیۆنان هۆکارمان هەیە.
ناهێڵین ئەم ململانێیە بۆ نەوە نوێیەکان بمێنێتەوە." هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم پرۆسەیە تەنها پەیوەندی بە بەشێکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە 86 ملیۆن کەسەوە و دەبێت ئاشتییەک بونیاد بنرێت کە لە ئابوورییەوە تا دیموکراسی، سوود بە تەواوی کۆمەڵگە بگەیەنێت.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، مێراڵ دانیش جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پارتەکانی ناو پەرلەمان لە پشتی ئەم پرۆسەیە بوەستن و ئاماژەی بە گرنگیی گۆڕینی زمان و ئەو هەنگاوانە کرد کە لەم پێناوەدا نراون.