پەروین بوڵدان، ڕایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا هەنگاوی گرنگ و بەرچاو لە پرۆسەی ئاشتیدا بنرێن.
پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە میانەی سەردانێکیدا بۆ ئەنجومەنی دایکانی ئاشتیی وان تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ژنان و دایکانی ئاشتی لە تێکۆشاندا و گوتی، دایکان زیانمەندی سەرەکی شەڕوپێکدانانەکان بوون.
گوتیشی، ڕاستە کە ئاشتی ئاسان نییە، بەڵام ئەوە ئەرکی هەمووانە کە بەرگری لە ئاشتییەکی بەشەرەف بکەن کە تێیدا ماف و یاسای گەلی کورد بناسرێت.
بوڵدان لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هەوڵ و بەرخودانی دایکانی ئاشتی و جەختیکردەوە لە قۆناغی نوێدا بۆ بەرەوپێشچوونەکان پێویستییان بە تێکۆشانێکی هاوبەش هەیە.
هەر لەمیانەی سەردانەکەدا هەدیە کاچاک کە یەکێکە لە دایکانی ئاشتی، ڕایگەیاند، بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتی داواکاریی ئەوانە و هاوکات درێژە بە تێکۆشانی خۆیان بۆ ئاشتی دەدەن.