ڕاستەوخۆ

شەش ڕۆژە مانگرتنی زیندانیانی قزڵحەساری ئێران دژی سزای لەسێدارەدان بەردەوامە

reset font size increase font size

زیندانیانی زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج لە ئێران، بۆ شەشەمین ڕۆژی لەسەریەک لەسەر مانگرتنەکەیان بەردەوامن، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و گواستنەوەی شەش زیندانی بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانیان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەرانا"، ئەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتی و مانگرتن لە وەرگرتنی بەشەخۆراک لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە. زیندانیان لە ناو هۆڵ و حەوشەی زیندانەکەدا بە بەرزکردنەوەی دروشم و نووسینی دەستنووسی "نا بۆ سێدارە"، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەکەن.

لە کاردانەوەی ئەم دۆخەدا، بەرپرسانی ئەمنیی زیندانی قزڵحەسار ڕێوشوێنی توندیان گرتووەتەبەر و سەرجەم هێڵەکانی پەیوەندیی تەلەفۆنیی زیندانیانیان لەگەڵ دونیای دەرەوە بە تەواوی پچڕاندووە. ئەم هەنگاوەش بە مەبەستی دروستکردنی شەپۆلی بێدەنگی و ڕێگریکردنە لە دزەکردنی هەر جۆرە وێنە، ڤیدیۆ یان زانیارییەکی ناو زیندانەکە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.

ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییە توندەی زیندانیان لە کاتێکدایە، کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری لە بەرزبوونەوەی بێپێشینەی ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران دەدەن. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تەنها لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم 2,488 هاوڵاتی لە ئێران لەسێدارەدراون، کە لە نێوانیاندا 63 ژن و دوو منداڵ (تەمەن ژێر 18ساڵ) هەبوون، بەمەش کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاستی جیهاندا پلەی یەکەمی لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەداندا گرتووە.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان