جێگیری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای حەسەکە جەخت لەسەر بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان دەکاتەوە بۆ ئاشکراکردنی تاوانبارانی ڕووداوی شەهیدکردنی سیپان حوزنی و بەدیهێنانی دادپەروەری.
سیامەند عەفرینی، جێگیری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای حەسەکە لە ڕێگەی پۆستێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند کە دەزگا ئەمنییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە کارکردن بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تاوانبارانی ڕاستەقینەی ڕووداوی شەهیدکردنی "سیپان حوزنی". جەختیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکانیان تا دەستگیرکردنی سەرجەم تاوانباران وەستاو نابێت.
جێگیری فەرماندەی ئاسایشی حەسەکە ئاشکرای کرد، هاوڕێ لەگەڵ ئەحمەد هیلالی جێگری پارێزگای حەسەکە و سەرتیپ ناجی حەمەوی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای حەسەکە، سەردانی ماڵباتی شەهید سیپانیان کردووە.
لە میانەی سەردانەکەدا جەختیان لەسەر بەدیهێنانی دادپەروەری، جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هاووڵاتییان کردووەتەوە.
لە کۆتاییدا سیامەند عەفرینی ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ڕێگریکردن لە هەڵکشانی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە، دەبێت ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە بە خێرایی ئەنجام بدرێن و یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆسیەیە و سزادانی تاوانباران بەلایانەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە.