ئەمڕۆ دووشەممە، لە رێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، پرۆسەی یەکخستنی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕادەگەیێندرێت.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکدا کە بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە بەڕێوەدەچێت، پرۆسەی کۆکردنەوە و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە ڕادەگیێنرێت و دەیان هەزار پێشمەرگە دێنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەوە.
پێشتر لە ڕۆژی 10ی 09ی 2026، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگەی لەژێر چەتری وەزارەتەکە ڕاگەیاندبوو.
بە گوێرە زانیارییەکانی وەزارەتەکە لەم پرۆسەیەدا 11 فیرقە لە فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو، هێزەکانی پشتیوانیی یەک و دوو، لەگەڵ ئامریەکی کۆماندۆ لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کۆدەکرێنەوە.
لەو 11 فیرقەیەی فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو، شەش فیرقەیان بۆ هەولێر و دهۆک و پێنج فیرقەیان بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەن، کە هەر فیرقەیەک لە چوار لیوا پێکهاتووە و هەر لیوایەک دوو هەزار کەس لەخۆ دەگرێت.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2022دا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە واژۆ کرابوو؛
بەپێی خشتەی کاتیی ئەو لێکتێگەیشتنەش، دەبوو تاوەکو مانگی 9ی ئەمساڵ پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی پێ بێت و سەرجەم هێزە دەرەوەی وەزارەتەکان بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.