لە چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ژینا ئەمینیدا، دایک و باوکی پەیامێکی سوپاسگوزاری بڵاوکردەوە و تێیدا ستایشی پشتیوانیی خەڵک دەکەن، دایکی ژیناش جەخت دەکاتەوە کە هیچ هێزێک ناتوانێت یادەوەریی کچەکەیان لە دڵی خەڵکدا کەمبکاتەوە.
ئەمجەد ئەمینی و موژگان ئێفتخاری، باوک و دایکی ژینا ئەمینی، بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی کچەکەیانەوە پەیامێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا سوپاسی پشتیوانیی خەڵکی سەقز، شارەکانی کوردستان، ناوچەکانی تری ئێران و ئێرانییانی دەرەوەی وڵاتیان کرد.
ئەمجەد ئەمینی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای تێپەڕینی چوار ساڵ، هێشتا خەم و پەژارەی لەدەستدانی کچەکەیان بۆ خێزانەکەیان زیندوە، بەڵام هاوسۆزی و پشتیوانیی بەردوامی خەڵک وایکردووە کە هەست بە تەنیایی نەکەن لەم ماتەمەدا.
لای خۆیشیەوە، موژگان ئێفتخاری، دایکی ژینا، لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ ڕێگریکردن لە سەردانیکردنی مەزاری کچەکەی و داخستنی ڕێگاکان، و ڕایگەیاند: "هیچ هێزێک ناتوانێت خۆشەویستی و یادەوەریی ژینا لە دڵی خەڵکدا کەمبکاتەوە." ناوبراو هەروەها سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە بە پەیام، پێشکەشکردنی گوڵ و ئامادەبوونیان، یادەوەریی ژینایان زیندوو ڕاگرتووە.