ڕاستەوخۆ

ئاماری توندوتیژیی دژی ژنان لە تورکیا؛ لە مانگی حوزەیراندا 30 ژن کوژراون

reset font size increase font size

بەگوێرەی ڕاپۆرتی مانگی حوزەیرانی 2026ـی ماڵپەڕی "بیانێت" (Bianet) کە لە سەرچاوە میدیاییە ناوخۆیی و نیشتمانییەکانی تورکیاوە کۆکراوەتەوە، تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا لانی کەم 30 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و 267 ژنی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

ڕاپۆرتەکە ئامارێکی مەترسیداری توندوتیژیی دژی ژنان و منداڵان لە مانگی حوزەیران و شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا دەخاتە ڕوو:

ئاماری مانگی حوزەیرانی 2026:

کوشتن: 30 ژن کوژراون (21 ژنیان لە ناوماڵدا و 9 ژنیان لە دەرەوەی ماڵ). هۆکاری سەرەکیی کوشتنەکان داواکاریی ژنان بووە بۆ جیابوونەوە، یان ڕەتکردنەوەی ئاشتبوونەوە و حەسادەت.

بریندارکردن: 45 ژن لەلایەن هاوسەر یان هاوبەشەکانی پێشوویانەوە بریندار کراون.

گێچەڵی سێسی و توندوتیژی: 13 ژن ڕووبەڕووی گێچەڵ بوونەتەوە و 78 ژنیش ناچار بە کاری سێکس کراون.

توندوتیژی دژی منداڵان: 19 منداڵ ڕووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە و 2 منداڵیش کوژراون.

مردنی گوماناوی: گیانلەدەستدانی 45 ژن و 6 منداڵ بە شێوەی گوماناوی تۆمار کراوە.

ئاماری شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026: لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ڕەوشی توندوتیژی گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا، بە شێوەیەک لانی کەم 142 ژن کوژراون و دۆسیەی گیانلەدەستدانی 267 ژنی دیکەش وەک "مردنی گوماناوی" تۆمار کراوە.

 هاوکات لەم شەش مانگەدا 98 ژن ڕووبەڕووی گێچەڵ، 136 منداڵ ڕووبەڕووی دەستدرێژی، 3 ژن ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی (Violated) و 712 ژنیش ناچار بە کاری سێکس کراون.

کردنەوەی دۆسیە کۆنەکان: لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەم مانگەدا پۆلیس و داواکاری گشتیی تورکیا دۆسیەی چەندین تاوانی کۆنیان کردووەتەوە کە پێشتر وەک خۆکوژی یان ونبوونی بێسەروشوێن تۆمار کرابوون؛

 لەوانە دۆسیەی کوشتنی ژنێک لە سامسۆن لە ساڵی 2006، دۆسیەیەک لە ئەستەنبوڵ لە ساڵی 2016، و دۆسیەی ونبوونی دوو کەس لە ئامەد (دیاربەکر) کە مێژووەکەی بۆ 16 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و دەرکەوتووە کە کوژراون.

ئەم ڕاپۆرتە جارێکی دیکە داواکاریی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنانی لە تورکیا نوێ کردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ڕژد و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی "دەربازبوون لە سزا" بۆ بکوژانی ژنان.

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.