ڕاستەوخۆ

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی خولی نوێی فێربوونی زمان بە شێوازی ئۆنلاین دەستپێدەکات

reset font size increase font size

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی لە یەکەمین کۆنگرەی خۆیدا لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا، بە بەشداریی ٢٠٠ زمانناسی، ئەکادیمی، مامۆستا و سیاسەتمەدار، دەستەی کارگێڕیی نوێی خۆی هەڵبژارد؛ تێیدا میم دۆغالا بە بەدەستهێنانی زۆربەی دەنگەکان، بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە وەک سەرۆکی فیدراسیۆنەکە هەڵبژێردرایەوە.

فیدراسیۆنەکە کە لە هاوینی ٢٠٢٤ لە شاری کۆڵن دامەزراوە، لە ماوەیەکی کورتدا توانیویەتی لە ڕێگەی ٣٥ دامەزراوەی پەروەردەییەوە لە ئەوروپا بگاتە هەزاران قوتابی.

هەروەها تۆڕی کارەکانی خۆی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان فراوانتر کردووە و پلان دادەنێت لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٧-٢٠٢٨دا، لە تەواوی ئەو وڵاتانەی ڕەوەندی کوردی لێ دەژیت، نوێنەرایەتیی فەرمی بکاتەوە.

میم دۆغالا، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ پێگەی "ڕۆپێل نیوز" تیشکی خستە سەر پڕۆژە و کارەکانی داهاتوویان، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

خولی ئۆنلاینی بێبەرامبەر: فیدراسیۆنەکە خولی فێربوونی زمانی کوردی بە شێوازی ئۆنلاین (Online) بۆ منداڵانی دیاسپۆرا، دایک و باوکان و تەنانەت کەسانی بیانیش دابین دەکات.

هەر خولێک لە چوار ئاست (ئەلفوبێ، سەرەتایی، ناوەندی و پێشکەوتوو) پێکدێت. بۆ پاراستنی کوالێتیی خوێندنەکەش، ڕێگە نادرێت ژمارەی قوتابیانی ناو یەک پۆل لە ٥٠ کەس زیاتر بێت.

بڕوانامەی فەرمی: سەرجەم خولەکان بەبێ بەرامبەرن و لە کۆتاییدا بڕوانامەی فەرمی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانەوە بە دەرچووان دەبەخشرێت. تاوەکو ئێستاش زیاتر لە ٣ هەزار قوتابی لەم خولانە سوودمەند بوونە.

دیجیتاڵکردنی زمانی کوردی: لە کارنامەی نوێی فیدراسیۆنەکەدا، پرسی دیجیتاڵکردنی زمان، ستانداردکردنی لەسەر پلاتفۆرمە تەکنەلۆژییە مۆدێرنەکان و ئامادەکردنی مەنهەج و کەرەستەی فێرکاریی سەرنجڕاکێش بۆ منداڵان، لە پێشەنگی کارەکان دەبن.

سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی هانی خێزانە کوردەکان دەدات کە لە ناوماڵەکانیاندا تەنیا بە زمانی کوردی قسە بکەن و دەڵێت:

 "زمان لە ماڵەوە دەستپێدەکات. ئەگەر منداڵان لە ناوماڵدا بە کوردی بدوێن، پێوەندییان لەگەڵ ناسنامەکەیان بە زیندوویی دەمێنێتەوە. پێویستە نەوەی نوێ زمان تەنیا وەک وانەیەکی خوێندن نەبینن، بەڵکو وەک بەشێک لە بوون و ناسنامەی خۆیانی سەیر بکەن."

خوازيارانی فێربوونی زمانی کوردی لە هەر شوێنێکی جیهان بن، دەتوانن لە ڕێگەی ژمارەی تەلەفۆنی فەرمیی فیدراسیۆنەکەوە (0046723262404) پێوەندی بکەن و ناوی خۆیان بۆ خولە نوێیەکان تۆمار بکەن.

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.