پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەیەکی دەنگی ڕەها (575 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 33 دەنگی نەخێر)، پڕۆژەبڕیارێکی مێژوویی پەسەند کرد کە تێیدا سوپای تورکیا بە فەرمی تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی "توندوتیژیی سێکسی وەک چەکێکی شەڕ" دژ بە ژنان و کچانی قوبرسی یۆنانی لە کاتی هێرشە سەربازییەکەی ساڵی 1974دا. پەرلەمانەکە داوا دەکات تورکیا قەرەبووی قوربانیان بکاتەوە و مۆنۆمێنتێکیش لە نیکۆسیا بۆ ڕێزلێنان لێیان دروست بکرێت.
ئەم بڕیارەی پەرلەمانی ئەورووپا کە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی لیژنەی مافەکانی ژنان و یەکسانیی جێندەری (FEMM) و بە سەرپەرشتی پەرلەمانتاری یۆنانی، ئێلیۆنورا میڵێتی، ئامادەکرابوو، وەک یەکەم دانپێدانانی فەرمیی یەکێتیی ئەورووپا دادەنرێت کە تێیدا سوپای تورکیا بە ڕوونی تۆمەتبار دەکرێت بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی نامرۆیی دژ بە ژنان لە دەستێوەردانە سەربازییەکەی نیو سەدە لەمەوبەردا.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە لە نێوان 700 بۆ 1500 ژنی قوبرسی یۆنانی لەو سەردەمەدا ڕووبەڕووی ئەو تاوانە بوونەتەوە.
داواکارییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا لە تورکیا:
دانپێدانان و لێپرسینەوە: پێویستە بە فەرمی دان بەم تاوانانەدا بنرێت و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکرێت.
قەرەبووکردنەوەی دارایی: داوا لە تورکیا دەکرێت قەرەبووی دارایی و مەعنەویی تەواوی قوربانیان و خێزانەکانیان بکاتەوە.
کردنەوەی ئەرشیفە سەربازییەکان: دەبێت ئەنقەرە هەموو ڕێگرییەکانی سەر ناوچە و ئەرشیفە سەربازییەکانی لابدات بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بێسەروشوێنبووان و توندوتیژییە سێکسییەکان.
دروستکردنی مۆنۆمێنت: پشتگیری لە دروستکردنی مۆنۆمێنتێکی یادگاری لە شاری نیکۆسیا دەکرێت بۆ ڕێزلێنان لەو ژنانەی بوونەتە قوربانی.
کشانەوەی هێزەکان: داوای کشانەوەی دەستبەجێی تەواوی هێزەکانی تورکیا لە باکووری قوبرس دەکات.
ئێلیۆنورا میڵێتی، ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە دوای دەنگدانەکە ڕایگەیاند:
"ئێمە بەڵێنمان دابوو کە چیتر ئازاری ئەو ژنانەی لە هێرشەکەی تورکیا ڕزگاریان بوو، و تراومای کۆمەڵی گەلی قوبرس لە بێدەنگیدا نەمێنێتەوە. ئەمرۆ ئەو بەڵێنەمان بردە سەر."
کاردانەوەی تورکیا و باکووری قوبرس:
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە کاردانەوەیەکی خێرادا بە توندی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەورووپای ڕەتکردەوە و بە "پووچەڵ، بێبنەما و بێ نرخ" لە ڕووی یاساییەوە وەسفی کرد. ئەنقەرە دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەورووپای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بێلایەن نین و لەژێر کاریگەریی سیاسیی لایەنی یۆنانی و قوبرسیی یۆنانیدا ئەو بڕیارەیان دەرکردووە.
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی "کۆماری تورکیی باکووری قوبرس" (کە تەنیا لە لایەن تورکیاوە دانی پێدانراوە) ڕایگەیاند، ئەمە نیشانەیەکی نوێی لایەنگری، پێشوەختەبوونی بڕیارەکان و هەڵوێستی سیاسیی پەرلەمانی ئەوروپایە و برۆکسل بووەتە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی قوبرسی یۆنانی.