لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"ـدا، کەمپەینی "ئازادی وریشە مورادی" کورتەیەک لە دیدگا و نووسینی وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ئەوین بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم شۆڕشە تەنیا خۆپیشاندانێکی مێژوویی نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری.
لە دیدگای وریشە مورادیدا، "ژن، ژیان، ئازادی" دەربڕینی داواکارییەکی قووڵە بۆ شکاندنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەسەر بنەمای توندوتیژی و نایەکسانی، و ئاماژە بەوە کراوە کە هیچ گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک بەبێ ئامادەبوونی ژنان سەرکەوتوو نابێت، چونکە ژنان هێزی سەرەکیی گۆڕانکاریین.
هەروەها لە نووسینەکەدا هاتووە کە یادکردنەوەی ئەم ساڵیادە دەبێت بە ڕێکخستن، بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە ڕێبەریی کۆمەڵایەتی و هەوڵدان بۆ درووستکردنی دامەزراوە دیموکراتیکەکان پەیوەست بکرێت تاوەکو دەگاتە ئامانجەکانی.