پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕایدەگەیێنێت کە پێویستە هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد جێبەجێبکرێن و ئاکەپەش تۆمەتبار دەکات بەوەی لە ماوەی 24 ساڵی حوکمڕانیدا ئەم پرسەی قووڵتر کردووەتەوە.
سێزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئامەد، ڕایگەیاند کە پێویستە حکومەتی تورکیا بەگوێرەی ڕۆحییەتی پرۆسەی چارەسەری بجوڵێتەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە نەبێ پرۆسەی چارەسەری تەنیا لە چوارچێوەی چەکداناندا کورت بکرێتەوە، چونکە ئەمە پرسێک نییە تەنیا پەیوەندی بەمڕۆوە هەبێت.
تانریکوڵو ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە ماوەی 24 ساڵی دەسەڵاتیدا، بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی چارەسەرنەکردن، پرسی کوردی قووڵتر کردووەتەوە، بەجۆرێک کە ئێستا پرسەکە ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیی وەرگرتووە.
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە داوای لە حکومەت کرد کە دەستبەجێ کۆتایی بە سیاسەتی سەپاندنی سەرۆک شارەوانیی دەستنیشانکراو (قەیووم) و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بهێنێت.
پێشی وابوو کە ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانی پێویستی بە دەرکردنی یاسایەکی نوێ نییە، بەڵکو تەنیا جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای بەسە.