بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیان ساڵحیان، پزیشکی پسپۆڕی هەناو (تەمەن ٤٣ ساڵ)، خەڵکی سەقز و دانیشتووی ئورمیە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە بە توندوتیژی دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
ڕووداوەکە لە ڕۆژی یەکشەممە (٢٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢۶)دا ڕووی داوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوە سەر ماڵی کەسیی ناوبراو، وێڕای پشکنینی شوێنەکە و دەستبەسەرداگرتنی مۆبایل و لاپتۆپەکەی، بە لێدان و توندوتیژی دەستبەسەریان کردووە. تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم پزیشکە کوردە نادیارە.
شایانی باسە، بەیان ساڵحیان پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە پاییزی ٢٠٢٢دا لەگەڵ دوو پزیشکی دیکەی خەڵکی سەقز دەستبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە رژێم" سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، کە سزاکەی بۆ ٢٠ ملیۆن تمەن سزای نەقدی گۆڕدرابوو.