گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 15ی تەممووزی 2026، کچێکی تەمەن 26 ساڵان لە سنووری ڕاپەڕین، کە تەنیا چەند ڕۆژێک بووە ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە، لە لایەن برای هاوژینەکەیەوە کوژراوە.
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاگەیاند، ڕووداوەکە نزیک کاتی ڕؤژئاوابوون و لە باخێکی نزیک شاری ڕانیە لە ئەنجامی دروستبوونی دەمەقاڵێ لە نێوان دوو برادا ڕوویداوە، کە تێیدا یەکێک لە براکان بە چەکی جۆری تاپڕ تەقەی لە براکەی تری کردووە، بەڵام بە هەڵە فیشەکەکە بەر هاوژینی براکەی کەوتووە.
بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، ژنەکە دەستبەجێ لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە. گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕوونی کردەوە، قوربانییەکە و هاوژینەکەی پورزای یەکتر بوون، بەو پێیەش تۆمەتباری بکوژ، کە دەکاتە برای هاوژینی کچەکە، هاوکات کوڕی پووری قوربانییەکەشە.
لە ئێستادا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بکوژەکە دەرچووە و لێکۆڵینەوەی پۆلیس لەسەر چۆنیەتی ڕووداوەکە بەردەوامە، هاوکات سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە خراونەتە گەڕ.