ڕاستەوخۆ

عەلی زەیدی: بڕیاردانی سەربازی لە عێراقدا ئێستا "بە تەواوی نیشتمانییە"

reset font size increase font size

لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان، بڕیاردانی سەربازی و ئەمنی لە وڵاتدا ئێستا "بە تەواوی نیشتمانییە" و تەنها لە دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەتدا چڕ بووەتەوە.

ئەم لێدوانەی زەیدی لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا کۆتایی بە ئەرکی سەربازیی خۆی و کشانەوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بە شێوازێک کە بەرپرسیارێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش ئێستا بە تەواوی دەکەوێتە ئەستۆی هێزە عێراقییەکان، لە کاتێکدا واشنتن لەسەر پێشکەشکردنی ڕاهێنان و پشتیوانیی هەواڵگری بەردەوام دەبێت.

هەماهەنگی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەباح نەعمان، گوتەبێژی سەرۆکوەزیران، زەیدی جەختی لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان دەزگا ئەمنییەکان، پەرەپێدانی تواناکانی هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی گوتاری توندڕەوی و تایەفەگەری کردەوە.

هەروەها نەعمان ئاشکرای کرد کە بەغدا سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی لە ئەمریکا، کۆریای باشوور و وڵاتانی دیکە کڕیوە کە بڕیارە لە ماوەی سێ بۆ شەش مانگی داهاتوودا بگەنە عێراق، و هێزە ئەمنییەکانیش پێشتر لە ڕێگەی فڕۆکەی ئێف-١٥ـەوە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییان دژی تیرۆریستان ئەنجام داوە «بەبێ هیچ پێویستییەک بە هێزەکانی هاوپەیمانان.

دۆخی گرووپە چەکدارەکان

 سەبارەت بە پرسی چەکدارکردنی گرووپەکان، هەرچەندە حکوومەت پێشتر ٣٠ی ئەیلوولی وەک وادەی کۆتایی بۆ ڕادەستکردنی چەک دیاری کردبوو، بەڵام بەهۆی ڕەتکردنەوەی بەشێک لە گرووپە نزیکەکانی ئێران، بەغدا بەرەو پرۆسەیەکی قۆناغ بە قۆناغ هەنگاو دەنێت کە تا ساڵی ٢٠٢٧ درێژ دەبێتەوە؛

 ئەمەش قۆناغێکی سەرەتایی ٩٠ ڕۆژی لەخۆ دەگرێت بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و مسۆگەرکردنەوەی ئەوەی کە نەکرێنە ئامانجی هێرش، و دواتر هەنگاو بە هەنگاو چەک ڕادەست دەکرێت و چەکدارەکان تێکەڵ بە دەزگا فەرمییەکان دەکرێن.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.