هەریەک لە حکومەتەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆلەندا، نەرویژ و کەنەدا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا نیگەرانیی توندی خۆیان بەرامبەر بە بڕیاری حکومەتی ئیسرائیل بۆ بڵاوکردنەوەی مناقەسەی دروستکردن لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (E1) دەربڕی و بە قبووڵنەکراو وەسفیان کرد.
لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە پەرەپێدانی ئەم نیشتەجێبوونانە هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر دەوڵەتی فەلەستینی، بەو پێیەی پەیوەندیی جوگرافیی کەناری غەربی پچڕ پچڕ دەکات و دەرفەتەکانی چارەسەری دوو دەوڵەتی لاواز دەکات.
خاڵە سەرەکییەکانی بەیاننامە هاوبەشەکە:
نادادپەروەریی پڕۆژەکە:
وڵاتانی واژووکەر جەختیان کردەوە کە نیشتەجێبوونەکانی ئیسرائیل لە کەناری غەربی نایاساییەن، کە ئەمەش هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشە.
بارودۆخی ئێستا:
لە کاتێکدا کەناری غەربی ڕووبەڕووی ناسەقامگیری و توندوتیژیی بێوێنەی نیشتەجێبوان دژی مەدەنییەکان و توندکردنی قەیرانە ئابوورییەکان بووەتەوە، ئەم بڕیارە نیگەرانیی زیاتری دروستکردووە.
داواکاری بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێ:
وڵاتەکان داوا لە حکومەتی ئیسرائیل دەکەن دەستبەجێ لەو پلانی فراوانکردنەی نیشتەجێبوونەکان پاشگەز ببێتەوە، چونکە زیاتر لە ئاشتی دوورمان دەکاتەوە و پێگەی نێودەوڵەتیی ئیسرائیلیش تێک دەدات.
هۆشداری بە کۆمپانیاکان:
داوا لە کۆمپانیاکان کراوە کە خۆیان بەدوور بگرن لە پێشکەشکردنی ئۆفەر بۆ مناقەسەکانی بڕوانامەی بیناسازی، و دەبێت ئاگاداری لێکەوتە یاسایی و زیانەکان بە ناوبانگیان بن لە ئەگەری تێوەگلانیان لە پێشێلکارییە قورسەکانی یاسای نێودەوڵەتیدا.
پاپەندبوون بە ئاشتی:
لە کۆتاییدا، وڵاتانی واژووکەر دووپاتیان کردەوە کە ئەوان پابەندبن بە بەدیهێنانی ئاشتییەکی گشتگیر، دادپەروەر و هەمیشەیی لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی.