لە دادگای هەرێمی لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا، پرۆسەی دادگاییکردنی ژنێک بە ناوی سەبینا ت. کە تۆمەتبارە بە ئەندامبوون لە ڕێکخراوی داعش، دەستی پێ کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دۆسیەکە، سەبینا ت. کە لە ساڵی ١٩٩٠ لە بۆسنیا لەدایک بووە و لە ئەڵمانیا گەورە بووە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ ڕووی لە سووریا کردووە و پەیوەندیی بە داعشەوە کردووە.
تۆماس بێتەن، سەرۆکی دادوەری گشتیی فرانکفۆرت، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە ناوبراو لەلایەن ڕێکخراوەکەوە شوێنی نیشتەجێبوون و پێداویستیی ڕۆژانەی بۆ دابین کراوە و دواتر لەگەڵ چەکدارێکی داعشدا هاوسەرگیریی کردووە کە لە بنەڕەتدا پورتوگالی بووە و بە "ئەبو عیسا ئەلئەندەلووسی" ناسراوە.
سەبینا ت. نزیکەی سێ ساڵ لە شاری ڕەققە ژیاوە، و دوای تێکشانی داعش لە ساڵی ٢٠١٧دا، لە شارەکە هەڵاتووە و لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە دەستگیر کراوە و بۆ کەمپی عەین عیسا لە ڕۆژئاڤای کوردستان گواستراوەتەوە.
ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٩ لە کەمپەکە هەڵاتووە و کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ منداڵەکەیدا کە لە باوکێکی داعشی بووە، لە ڕێگەی تورکیاوە گەڕێنراوەتەوە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت.
لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە ناوبراو پێش چوونیشی بۆ سووریا، لە ئەڵمانیا پەیوەندیی بە لایەنە توندڕەوەکانەوە هەبووە.