کۆمەڵەی "کاتی ژنان" لە ئیستانبوڵ، ئەپڵیکەیشن و نەخشەیەکی دیجیتاڵیی بە ناوی "JinMap" راگەیاند، کە تایبەتە بە یارمەتیدانی ژنانی کورد لە شارەکەدا بۆ دۆزینەوەی ئەو ناوەندانەی بە زمانی دایک خزمەتگوزاریی نیشتەجێبوون و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی پێشکەش دەکەن.
ئەم پڕۆژەیە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک دێت لەژێر ناونیشانی "گەیشتنی ژنان بە خزمەتگوزارییەکانی کارگێڕیی خۆجێیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە زمانی دایک"، کە تێیدا دەرکەوتووە لە کۆی 39 شارۆچکەی ئیستانبوڵ و سەرەڕای هەبوونی 59 سەنتەری ژنان، تەنیا لە دوو سەنتەردا (لە شارەوانییەکانی ئاڤجڵار و باخچەلیەڤلەر) خزمەتگوزاریی راوێژکاری بە زمانی کوردی بوونی هەیە.
"JinMap" چییە و چۆن کاردەکات؟
ئەم ئەپڵیکەیشنە نەخشەیەکی دیجیتاڵییە؛ بەکارهێنەر کاتێک کلیک لەسەر ناوچە یان قەزایەکی دیاریکراوی ئیستانبوڵ دەکات، ناونیشان، ژمارەی تەلەفۆن و جۆری خزمەتگوزارییەکانی سەنتەرەکانی ژنانی بۆ دەردەکەوێت.
هاوکات پێی دەڵێت کە ئایا لەو ناوەندەدا کارمەندێک هەیە بە زمانی کوردی وەڵامی بداتەوە و هاوکاریی بکات یان نا.
دەریای ئەسڵان، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی "کاتی ژنان" لەبارەی پڕۆژەکەوە رایگەیاند: "خزمەتگوزاری بە زمانی دایک ئیمتیاز نییە، بەڵکو پێداویستییەکی سەرەکییە.
ژمارەیەکی زۆری کورد لە ئیستانبوڵ دەژین و بەشێکی زۆری ئەو ژنانەی کۆچیان کردووە بۆ ئێرە، کاتێک رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بەهۆی زمانی دایکەوە ناتوانن بە ئاسانی دەستیان بە ناوەندەکانی پاڵپشتی بگات."
داواکارییەکانی کۆمەڵەکە لە شارەوانییەکانی ئیستانبوڵ
کۆمەڵەکە 'بەڵگەنامەیەکی سیاسی' و داواکاریی فەرمی پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان و شارەوانییەکان کردووە، کە تێیدا هاتووە:
دامەزراندنی کارمەندی شارەزا کە بە زمانی کوردی بزانن لە سەنتەرەکانی ژناندا.
دابینکردنی وەرگێڕی ئۆنلاین بە شێوازی 24 کاتژمێری لە هێڵی گەرمی شارەوانی (ALO 153).
ئەنجامدانی کەمپینەکانی هۆشیاریی شارەوانییەکان بە زمانی کوردیش بۆ ئەوەی ژنان لە مافەکانی خۆیان تێبگەن.
ئەم پڕۆژەیە وەک یەکەمین هەنگاوی لەو شێوازە لەسەر ئاستی باکووری کوردستان و تورکیا ناوزەد کراوە و لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە پێشوازییەکی زۆری لێکراوە.