پارێزگاری حەسەکە رایدەگەیەنێت، تەواوی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی پارێزگاکە وەردەگرن و پرۆسەکەش لەمڕۆوە دەستپێدەکات؛ هاوکات دەزگای دەغڵودانی سووریا ئاماژە بەوە دەکات کە جوتیارانی حەسەکە دەتوانن بەرهەمەکانیان رادەستی کۆگاکانی حومس و دیمەشق بکەن.
نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە بە ئاژانسی نۆرس پرێسی راگەیاندووە، تەواوی بەرهەمی جوتیارانی پارێزگای حەسەکە وەردەگرن، دەشڵێت پاڵپشتیی تەواوی جوتیاران دەکەن لە دابینکردنی پێداویستییە کشتوکاڵییەکان بۆیان.
پارێزگاری حەسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەمڕۆوە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەستپێدەکات و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادارکراونەتەوە بۆ ئەوەی ئاسانکاریی تەواو بکەن لە پرۆسەکەدا و تەواوی گەنمی جوتیاران وەربگرن بەبێ کێشە.
سەبارەت بە پێدانی شایستە داراییەکانی جوتیارانیش، نورەدین ئەحمەد باسی لەوە کردووە کە بەم نزیکانە لقی بانکی ناوەندیی سووریا لە پارێزگای حەسەکە کارا دەکرێتەوە، بەوەش راستەوخۆ پارەی گەنمی جوتیاران و پشکی شارەوانییەکان خەرج دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، پێشتریش دەزگای دەغڵودانی سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کردبوو، بۆ ئاسانکاریی زیاتر، جوتیارانی پارێزگای حەسەکە دەتوانن بەرهەمەکانیان رادەستی کۆگاکانی گەنم لە هەردوو پارێزگای حومس و دیمەشق (شام) بکەن.