سەرۆکی گشتیی دادگای پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بە تۆمەتی "سیخوڕی و خیانەت لە نیشتمان" دەستیان بەسەر تەواوی ماڵ، موڵک و داراییەکانی حەوت هاونیشتمانیی ئەو پارێزگایەدا گرتووە؛ بڕیارەکەش دوای پێکهێنانی دۆسیەی دادوەری و لێکۆڵینەوەی ئەمنی هاتووەتە پێشەوە.
عیمران عەلیمحەمەدی، سەرۆکی گشتیی دادگای پارێزگای ئیلام لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران (میزان) راگەیاند، ئەم بڕیاری دەستبەسەرداگرتنە لە چوارچێوەی یاسای سزای سیخوڕی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانەدا دراوە کە ئێران وەک "خائینانی نیشتمان" ناویان دەبات.
بە گوتەی سەرۆکی دادگای ئیلام، بڕیارەکە دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی پێکهێنانی دۆسیەی دادوەری و لێکۆڵینەوەی چڕ بۆ ئەو تۆمەتبارانە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو داراییانەی کە بلۆک کراون و دەستیان بەسەردا گیراوە، پێکهاتوون لە خانووبەرە، زەوی، ئۆتۆمبێل، پاشەکەوت و هەژماری بانکی و چەندین جۆری دیکەی سەرچاوەی دارایی و موڵکی تایبەتی ئەو حەوت هاونیشتمانییە.
سەرەڕای راگەیاندنی ئەم بڕیارە لەلایەن بەرزترین بەرپرسی دادوەریی پارێزگاکەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەسەڵاتی دادوەریی ئێران هیچ زانیارییەکی لەبارەی ناسنامە، تەمەن، پیشە و شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو حەوت کەسە ئاشکرا نەکردووە.
هەروەها ڕونیشی نەکردووەتەوە کە ئایا ئەو تۆمەتبارانە لەناو خاکیی ئێراندا دەستگیرکراون یان لە دەرەوەی وڵات دەژین و بڕیارەکە بە پاشملە (غیابی) لە دژیان دەرکراوە.
سەپاندنی ئەم جۆرە سزایانە و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هاونیشتمانیان بە تۆمەتی ئەمنی و سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە رووبەڕووی رەخنەی تووند دەبێتەوە و بە هۆکارێک بۆ گوشارخستنە سەر چالاکوانان و خێزانەکانیان دادەنرێت، کە زۆرجار لە چوارچێوەی یاسای سزادانی قورسی ئێراندا بەرامبەر بە دۆسیە ئەمنییەکان بەکاردەهێنرێت.