شاندێکی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانێکی هاوسۆزی و پشتیوانییان بۆ سەرۆکایەتیی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) لە شاری ئەستەنبوڵ ئەنجامدا.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دادگایەکی تورکیا بڕیارێکی توندی بەناوی "پووچەڵکردنەوەی ڕەها" دژی جەهەپە دەرکرد، کە کاردانەوەی بەربڵاوی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە لێکەوتووەتەوە.
لە کاتی پێشوازیکردن لە شاندەکە، ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی لقی جەهەپە لە ئەستەنبوڵ، سوپاس و پێزانینی قووڵی پارتەکەی بۆ ئەم هەڵوێستەی دەم پارتی دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو کێشەیەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان بووەتەوە، تەنیا کێشەی جەهەپە وەک حزبێک نییە، بەڵکو کێشەی پاشەکشەی دیموکراسی، نەبوونی دادپەروەری و پێشێلکردنی ڕوونی سیستمی دەستوورییە لە تەواوی تورکیادا.
لە بەرانبەردا، عارف چنار، هاوسەرۆکی لقی دەم پارتی لە ئەستەنبوڵ، دووپاتی کردەوە کە پارتەکەیان بە هیچ شێوەیەک ئەم جۆرە هێرش و گوشارە سیاسییانە دژی ئۆپۆزسیۆن قبووڵ ناکات.
ڕاشیگەیاند کە ئەم سەردانەی ئەوان تەنیا دانیشتنێکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو دەربڕینی هاوسۆزییەکی ڕاستەقینە و پشتیوانییەکی تەواو و هەمەلایەنەیە لەم کاتە سەختەدا و ئەوان لە سەنگەری بەرگریکردن لە ماف و ئازادییەکاندا لەگەڵ جەهەپە هاودەنگن.