مەزڵوم عبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێیی، دوای گەشتێکی دیپلۆماتیی یەک هەفتەیی بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپا، گەڕانەوە سوریا (رۆژاڤای کوردستان).
بەگوێرەی زانیارییەکانی نووچە تیڤی شاندە باڵاکەی ڕۆژاڤای کوردستان ئێوارەی دوێنێ سێشەممە گەڕاونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی گەشتەکەیان لە 17ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە بۆ رۆمای پایتەختی ئیتالیا دەستپێکرد بۆ دیداری بەرپرسانی ئەورووپی.
پاشان سەردانی فەرەنسایان کرد و لە کۆشکی ئەلیزێ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە؛
هاوكات لەگەڵ بەرپرسانی بەلجیکا و هۆڵەنداش دیدار و گفتوگۆیان هەبووە.
ئەم گەشتە دیپلۆماتییە بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی گرنگ بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆبوونەوەکان دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەچوون، تاوەکو ئێستا وردەکاریی زانیارییەکان و ناوەڕۆکی گفتوگۆکان ئاشکرا نەکراون.