گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەشێک لە کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە بەرهەمهێنانەوە کردووە و لە رۆژانی داهاتووشدا تەواوی کێڵگەکان دەکەونەوە کار.
هۆکاری دواکەوتنی بەشێک لە کێڵگەکانیش بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانە دەگەڕێنێتەوە کە بەهۆی هێرشەکانەوە بەریان کەوتبوو.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زانیاری نوێی لەبارەی دەستپێکردنەوەی کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە خشتەی دەستبەکاربوونەوەی کۆمپانیاکان کردووە، کە بەمشێوەیەن:
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن (HKN): بە بڕی 7000 بەرمیلی رۆژانە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە. بڕیاریشە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، لە کێڵگەی ئەترووش دەست بە بەرهەمهێنان بکاتەوە.
کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن (Gulf Keystone): ئەمڕۆ لە کێڵگەی نەوتیی شێخان دەستی بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ (DNO): رۆژی هەینی لە کێڵگەکانی تاوکێ و فیشخابوور دەست بە بەرهەمهێنان دەکاتەوە.
کۆمپانیای هەنت ئۆیڵ (Hunt Oil): لە 8ـی مانگی تەممووز (مانگی حەوت) دەست بە بەرهەمهێنان دەکاتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری جیاوازیی کاتی دەستپێکردنەوەی کێڵگەکان، پێشەوا هەورامانی روونیکردووەتەوە: "لە هێرشەکانی رابردوو بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوتبوو، لەبەر ئەوە بەشێکیان کارکردنیان کەمێک کاتی پێویست بووە، چونکە پێویستیان بە ئامادەسازی و نۆژەنکردنەوەی شوێنە زیانلێکەوتووەکان هەبووە."