بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە، شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەفکان ئالا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی کۆببێتەوە؛
ئەمەش لە کاتێکدایە کە گفتوگۆ و مشتومڕەکان لەسەر ناوەڕۆکی "یاسای چوارچێوە" بۆ پرۆسەی چارەسەری بەردەوامن.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی (MA) کە لە سەرچاوەکانی دەم پارتییەوە گواستوویەتییەوە، پارتی ناوبراو پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پێویستە ڕەشنووسی یاساکە بە شێوەیەک بێت کە سەرجەم گەریلانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شاخ بێ جیاکاری بگرێتەوە. هاوكات دەم پارتی جەخت دەکاتەوە کە دەبێت یاساکە ڕێک بەو شێوازە ئامادە بکرێت کە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان لەسەری ڕێککەوتوون.
پێشتر چاوەڕوان دەکرا هەر ئەمڕۆ ڕەشنووسی یاساکە بگاتە دەست پارتە سیاسییەکان و شاندی ئیمراڵی کە لە پەروین بوڵدان، میتحات سانجار و ئۆزگور فایق ئەرۆڵ پێکدێن، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببنەوە، بەڵام بەهۆی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی تورکیا لەمڕۆدا، پرۆسەکە کەمێک دواکەوت.
دەگوترێت یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی تورکیا، تاوتوێکردنی هەنگاوە یاساییەکان و پرسی "یاسای چوارچێوە" دەبێت و پێشبینی دەکرێت دوای کۆبوونەوەکە، ڕەشنووسەکە بگاتە دەست لایەنە سیاسییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکانی دەم پارتی پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ڕۆژی چوارشەممە هەریەکە لە پەروین بوڵدان و میتحات سانجار، لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان و ئەفکان ئالا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکەپەو سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبە کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕەهەندەکانی ئەم یاسایە.