وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، وەڵامێکی توند ئاراستەی بێژەرێکی کەناڵی (8) دەکات و ڕادەگەیێنێت، لە گەشتی هەواڵەکانی دوێنێدا، داتا و زانیاریی ناڕاست بەناوی وەزارەتەکەیانەوە لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە بڵاوکراوەتەوە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەممووزی 2026، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "لەمیانی گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی ڕۆژی یەکشەممە (12ی تەممووز)، بژار دەباغ، بێژەری کەناڵی 8، هەندێک داتا و زانیاریی ناڕاستی بە ناوی وەزارەتی داراییەوە بڵاوکردووەتەوە، بۆیە بە پێویستمان زانی وەڵامێکی کورتی بدەینەوە."
وەزارەتی دارایی لە ڕوونکردنەوەکەیدا سێ خاڵی سەرەکی دەخاتەڕوو:
یەکەم: لە پەرتووکی کار، چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی داراییدا لە ساڵی 2019 تاوەکو 2025، داتای حەوت ساڵمان بڵاوکردووەتەوە و بە وردی ئاماژەمان بەوە کردووە کە لەم کابینەیەدا، لە کۆی 84 مانگ، 74 مووچە دابەشکراوە.
دووەم: وا باشترە ئەو بێژەرە تۆزێک لەسەرخۆ بێت و کاتی خۆی تەرخان بکات بۆ چاوخشاندن بە پەرتووکی فەرمیی وەزارەتمان، تاوەکو ڕاستییەکان و داتاکان وەک خۆی بخاتەڕوو.
سێیەم: زۆر هەوڵمان دا، بەڵام نەمانزانی ئەو داتایانەی بێژەرەکە باسی دەکات لە کوێی دەستکەوتووە؛ ئازادە باسی مووچەی هەر چەند ساڵ و مانگێک دەکات، بەڵام تکایە با بەناوی وەزارەتی داراییەوە تۆماری نەکات.
وەزارەتی دارایی لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەیدا، پەیامێکی سیاسی ئاراستەی بێژەرەکە و لایەنی پشتگیری دەکات و دەڵێت: "تەنیا بۆ وەبیرهێنانەوە، حیزبەکەی جەنابتان لە حکومەتدا بەشدارە و هەر هیچ نەبێت بەرپرسە لە 43٪ی هەرێمی کوردستان."