بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ایرنا، لە ناوچەی سەرپێڵی زەهاوی پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە ٦٠ گوند ڕووبەڕووی قەیرانی سەختی کەمئاوی بوونەتەوە و دانیشتووانەکەیان بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوەی تەندروستەوە دەناڵێنن.
ڕەزا داودی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشان، لە کۆبوونەوەی پێداچوونەوە بە داواکارییەکانی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو ڕایگەیاند کە دابینکردنی ئاوی پاک و سەلامەت بۆ خەڵکی گوندەکان، دەتوانێت جگە لە پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان، ئاستی تەندروستی و کوالێتیی ژیانی گوندنشینانی ناوچەکە بەرز بکاتەوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا، بەهۆی کێشەکانی بەڕێوەبردن و هەڵکۆڵینی ژمارەیەکی زۆر بیری کشتوکاڵی لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆرێک لە کانی و ڕووبارەکان وشک بوون و خەڵکی ناوچەکەیان تووشی قەیرانی ئاو کردووە، ئەوەش لە هەندێک حاڵەتدا گوندنشینانی ناچار کردووە ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.
ناوچەی سەرپێڵی زەهاو زیاتر لە ٩٠ هەزار کەس دانیشتووی هەیە و خاوەنی ٢٢٦ گوندە کە بەشێکیان کەوتوونەتە سەر هێڵی سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان.