ڕاستەوخۆ

سەرۆکی پارتی سەعادەت لە زیندان سەردانی دەمیرتاشی کرد

reset font size increase font size

مەحموود ئاریکان، سەرۆکی پارتی سەعادەت (Saadet Partisi)، لە زیندانی جۆری F لە شاری ئەدیرنە، سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلانی کرد و ڕایگەیاند کە پەیوەندی و گفتوگۆکانیان لەگەڵیدا بەردەوام دەبن.

مەحموود ئاریکان، ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەممووزی 2026، لە ڕاگەیێندراوێکی نووسراودا دوای دیدارەکە ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ دەمیرتاشدا کۆبووەتەوە و بیروڕایان گۆڕیوەتەوە.

ئاریکان گوتی: "دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی گشتگیر هەڵسەنگاندن بۆ کێشە بنەڕەتییە سیاسی و یاساییەکانی وڵاتەکەمان بکەین."

سەرۆکی پارتی سەعادەت لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەیدا جەختی لەسەر گرنگیی دیالۆگ کردەوە و گوتی: "لەم دیدارەدا بە خۆشحاڵییەوە بینیمان کە هاوڕاین لەسەر ئەوەی پێویستە لە دژی کەشی جەمسەرگیری لە وڵاتدا، زەمینەی دیالۆگ لە ژێر هەر بارودۆخێکدا بە زیندوویی بهێڵدرێتەوە.

 تورکیا لە ململانێی ڕۆژانە و زمانی گرژی و ئاڵۆزی ماندوو بووە. بەڕێز دەمیرتاش کارەکتەر و کەسایەتییەکی سیاسیی گرنگی کایەی سیاسیی وڵاتەکەمانە، و بڕوامان وایە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی دیموکراتی و شەرعیدا، دەتوانێت هاوکاریی و دەورێکی زۆر گرنگ لە پێناو تەبایی کۆمەڵایەتی، هاوپشتی و برایەتیدا بگێڕێت."

ئاریکان ڕەخنەی توندی لە بەردەوامیی زیندانیکردنی دەمیرتاش گرت و ڕایگەیاند: "مانەوە لە زیندان بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەبێ هەبوونی بڕیارێکی کۆتایی و یەکلاکەرەوەی دادگا، نەک تەنیا متمانە بە دادپەروەری لاواز دەکات، بەڵکو متمانە بە دامەزراوەی سیاسەتیش لەکەدار دەکات."

لە کۆتاییشدا دڵنیایی دا کە ئەم پەیوەندییە مرۆیی و سیاسییانە و گۆڕینەوەی بیروڕایان لە قۆناغەکانی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.