لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە فەرمی دەستی بە ئامادەکاریی و خوێندنەوەی یاسایی کردووە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خزمەت و خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆ، بە ئامانجی باشترکردنی بژێوی و بەرزکردنەوەی مووچەکانیان.
لەمبارەیەوە ئەحمەد دلفی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا فەرمییەکانی ڕاگەیاندووە کە پڕۆژەیاساکە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیستمی خانەنشینیی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆدا دەکات.
بە شێوەیەک گرنگترین بەندی هەموارەکە ڕێگە بە خانەنشینبوونی ئەندامانی هێزەکانی ناوخۆ دەدات تەنیا دوای تەواوکردنی 15 ساڵ خزمەتکردن، بەبێ ئەوەی تەمەنی ڕاستەقینەی کارمەندەکە ڕەچاو بکرێت، ئەمەش وەک کارئاسانییەک بۆ هێزە ئەمنییەکان.
هاوکات پەرلەمان کار لەسەر ئەوە دەکات کە شایستەی دارایی خۆراک و دەرماڵەی مەترسییەکانیش بە تەواوی بخرێنەسەر بنەڕەتی مووچەی خانەنشینییان، چونکە لە ئێستادا مووچەی خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆ لە 500 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕ ناکات،.
بەڵام بە جێبەجێکردنی ئەم هەموارە نوێیە، بڕیارە کەمترین مووچەی خانەنشینیی کارمەندانی ئەم سێکتەرە بگاتە نزیکەی یەک ملیۆن دیناری عێراقی.
لە لایەکی دیکەشەوە، ئەم هەموارە نوێیەی یاساکە بڕگەیەکی تری تێدایە کە تایبەتە بە دابینکردنی دەرماڵەی مەترسی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، کە بڕی ئەو دەرماڵەیەش بەپێی پلە و شوێنی خزمەتەکەیان لە نێوان 250 هەزار بۆ 485 هەزار دیناری عێراقی دەبێت، ئەمەش دوای پەسندکردنی کۆتایی لە پەرلەماندا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.