کاسبکاران و خاوەن مەزادەکانی عەلوەی کۆنی کەرکوک دژی بڕیاری تێکدانی عەلوەکەیان دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە و لە بەردەم باڵەخانەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکە خێوەتیان هەڵداوە.
هاوکات هێزەکانی پۆلیس لە هەوڵدان بۆ بڵاوەپێکردنیان، بەڵام خۆپێشاندەران سوورن لەسەر داواکارییەکانیان.
لە بەرانبەردا، محەمەد سەمعان، پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاند کە شارەکە بەرگەی دوو عەلوە ناگرێت و عەلوەیەکی نوێ و مۆدێرن دروست دەکرێت.
پارێزگار بەڵێنی بە کاسبکاران دا کە دوای جەژن کێشەکەیان بە تەواوی چارەسەر بکات.
لە پەیامێکدا بۆ خۆپێشاندەران پارێزگار گوتشی، "ئێمە بەگوێرەی یاسا کار دەکەین و پشتگیری لە داواکاریی ڕەوای خۆپێشاندەران دەکەین؛ بۆیە بڕیارماندا کاتی بەڕێوەچوونی مەزاد لە عەلوەی کۆن ڕابگرین و من خۆم بەرپرسیارێتییەکە دەگرمە ئەستۆ، دڵنیاشیان دەکەینەوە کە دوای جەژن بە شێوەیەکی یاسایی کێشەکە چارەسەر دەکەین."