لە شاری عامودێ لە ڕۆژاڤای کوردستان، بە ئامادەبوونی پارێزگاری حەسەکە و شاندێکی حکومەتی کاتیی سوریا، ناوەندێکی نوێی چاپەمەنی و چاپخانە کرایەوە.
هاوکات شاندێکی چاودێریی حکومەتی کاتی بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی ئیدارەکان سەردانی ناوچەکەی کردووە.
نوردەین ئەحمەد، لە میانەی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی چاپخانەی عامودێدا ڕایگەیاند، پێویستە ئەم ناوەندە بە شێوەیەکی ئەرێنی و بەرفراوان کار بکات بۆ ئەوەی خزمەت بە هاووڵاتییانی شارەکە و دەوروبەری بگەیێنێت.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی سەردانەکانی شاندی حکومەتی کاتیی سوریا بۆ ناوچەکە بە ئامانجی تێکەڵکردنەوەی دەزگا و ناوەندەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتدا، شاندێکی چاودێری و پشکنینی حکومەتی کاتی لەگەڵ پارێزگاری حەسەکە کۆبووەوە.
لەو کۆبوونیەوەیەدا، میکانیزمی تەواوکردنی پرۆسەی یەکگرتنی ئیدارەکان، زیادکردنی ڕێکارەکانی چاودێریکردن و چۆنیەتیی وەرگرتن و جێگیرکردنی فەرمانبەران لە دامەزراوەکاندا تاوتوێ کران.