عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند، ئەم قۆناغەی ئێستا بۆ گەلی کورد، قۆناغی سەرلەنوێ بنیادنانەوەیە. دەشڵێت، بنەمای بنیادنانی ئەم قۆناغە بریتییە لە: یەکێتی، سیاسەت و دانوستانی دیموکراتیک و هەر هەنگاوێک لەسەر ئەم بنەمای بنرێت دەتوانێت ببێت بە بنیادنەری داهاتویەکی هاوبەش.
عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە پەیامێکی بۆ کۆنفرانسی "کوردانی باکور یەکێتی نەتەوەیی خۆیان تاوتوێ دەکەن" نارد و گوتی: گەلی کورد بەهۆی سیاسەتی نکۆڵی کردن و لەناوبردن کە ساڵانێکی زۆرە بەردەوامە، بێبەشکراوە لە بەدیهێنانی گۆڕانکاریی بەشێوەیەکی سروشتی.
دەشڵێت: پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا کۆمەڵگەی کوردی چۆن دەگاتە ئاستی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ. ئاماژەی بەوەشکردووە، کورد بە مێژوو و زمان و کەلتوور و شێوەگرتنە کۆمەڵایەتییەکەی توانیویەتی لە بوارەکانی سیاسەت، ئابوری، تەندروستی و کەلتوری پێشەنگایەتی بکات.
گوتیشی: کورد ناچارە بونیادی نوێی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوە بەگوێرەی بنەما دیموکراتیکییەکان دابڕێژێتەوە. جەختی لەوەشکردووەتەوە، پێویستە کورد لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەکاندا چارەسەری دیموکراتیک و دانوستان بەبنەما بگرێت و لە پەیوەندییە نێوخۆییەکانیشیدا لەبری توندوتیژی، سیاسەتی دیموکراتیک و یاسا بەبنەما وەربگرێت.