کیومەرس جاویدان، سەرۆکی فەرمانگەی سەرچاوە سروشتییەکان و ئاودێریی قەسری شیرین ڕایگەیاند، ئەو ئاگرکەوتنەوەیەی دوێنێ لە ناوچەی ئاقداخی سەر بە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویدابوو، بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا.
سەرۆکی فەرمانگەی سەرچاوە سروشتییەکان و ئاودێریی قەسری شیرین ئاماژەی بەوە کرد، ئاگرەکە لە دوانیوەڕۆی دوێنێوە لە باشووری کوردستانەوە دەستی پێکردووە و بەهۆی ڕەشەباوە بەرەو سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەشەنەی سەندووە.
بەگوێرەی خەملاندنە بەراییەکان، لەم ئاگرکەوتنەوەدا زیاتر لە 12 هێکتار لە لەوەرگاکانی هێڵی سنووریی قەسری شیرین سووتاون و زیانیان بەرکەوتووە.
سەرۆکی فەرمانگەی سەرچاوە سروشتییەکان و ئاودێریی قەسری شیرین ڕوونیکردەوە، بەهۆی ئامادەبوونی بەپەلەی هێزەکانی یەکەی پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان، ئەندامانی ڕێکخراوی بەڕێوەبردنی قەیران، هێزەکانی سوپا و گرووپی خۆبەخشی یاوەرانی زاگرۆس، توانرا ئاگرەکە بکوژێندرێتەوە و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری بکرێت.
کیومەرس جاویدان ئاشکرای کرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا چەندین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەکەدا تۆمارکراون کە بە گشتی زیانیان بە 18 هێکتار لەوەرگا گەیاندووە. جەختیشی لەوە کردەوە، زۆربەی ئەم ئاگرکەوتنەوانە لەو بەری سنوور و لە باشووری کوردستانەوە دێن و دۆخی جوگرافی و گەرمای ناوچەکە لەگەڵ هەڵکردنی با، پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە قورس دەکەن.
بەرپرسەکەی قەسری شیرین داوای لە ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانی پارێزگای کرماشان کرد، بەپەلە ئامێری مۆدێرن و پێویستیان بۆ دابین بکەن، چونکە ئامادەکردنی هێزەکان بە کەرەستەی گونجاو ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە خێراکردنی پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگر و کەمکردنەوەی زیانەکان.
شارۆچکەی سنووریی قەسری شیرین خاوەنی 161 هەزار و 300 هێکتار زەوی و سەرچاوەی سروشتییە، کە 154 هەزار و 800 هێکتاری لەوەرگایە و شەش هەزار و 500 هێکتاریشی دارستانی دەستکردە.