ئەندامێکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕایگەیاند، ئێران لە قۆناغی داهاتوودا ئامادەکاری بۆ هێرشی بەرفراوانتر دژ بە لایەنە ڕامیارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات؛ بۆیە داوا دەکات سەرجەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵات فەرماندەییەکی هاوبەشی سەربازی پێبهێنن.
فوئاد بێریتان، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پژاک لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "پۆلیتیکا" تیشکی خستە سەر پێکدادانەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکانی سەردەشت، مەریوان، پاوە، بانە و مەهاباد، کە تێیدا چوار گەریلای هێزەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵات (یەرەکە) و شەش پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) گیانیان لەدەستدابوو.
بێریتان جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئەوان لە پێگەی "بەرگریی ڕەوا" دان و دەستپێشخەری هێرش ناکەن.
دۆخی ناوخۆی ئێران و دیدگای ئەمنی
ئەو بەرپرسەی پژاک ئاماژەی بەوە کرد کە دوای قۆناغی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و کوژرانی چەندین فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، لە ئێستادا کۆنترۆڵی ڕامیاری و ئەمنیی ناوخۆی ئێران زیاتر کەوتووەتە دەست سوپای پاسداران.
ئەو دەڵێت: "ئێران لە کاتێکدا لە دەرەوە ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە، لە ناوخۆدا پەنا بۆ زیادکردنی سێدارە، سەرکوتکاری و هێرشکردنە سەر کوردستان دەبات، چونکە لە یەکگرتوویی و بەرخودانی گەلی کورد دەترسێت."
داوای فەرماندەیی هاوبەش
سەبارەت بە هاوپەیمانیی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات، بێریتان گوتی: "پێکهێنانی هاوپەیمانیی هێزە ڕامیارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوێکی مێژوویی بوو، بەڵام پێویستە ئەم هەماهەنگییە لە بواری مەیدانی و سەربازیشدا جێبەجێ بکرێت.
ئێمە وەک پژاک پشتگیریی خۆمان بۆ پێکهێنانی فەرماندەییەکی هاوبەشی سەربازی ڕادەگەیێنین و ئامادەی هەموو بەرپرسیارێتییەکین."
کەیسی ئینتەرپۆل و مەترسییەکانی سەر سەرکردەکان
سەبارەت بە هەوڵەکانی تاران لە ڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) بۆ دەرکردنی "ئاگادارکردنەوەی سوور" (Red Notice) دژ بە هاوسەرۆکی پژاک، عەلی کەریمی و سەرکردەکانی حدکا، کۆمەڵە و پاک، بێریتان ڕایگەیاند کە ئەم هەوڵە "پڕۆژەیەکی ڕامیاری و ئەمنییە نەک یاسایی؛ ئێران دەیەوێت پەردەیەکی یاسایی بە باڵی خۆیدا بکێشێت تاوەکو لە داهاتوودا زەمینە بۆ تیرۆرکردن، ڕفاندن یان گوشارخستنە سەر سەرکردە کوردەکان لە دەرەوەی وڵات خۆش بکات."
داواکاری لە بەغدا و هەولێر
فوئاد بێریتان لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەندبن بە پاراستنی گیانی پێشمەرگەکان و خێزانەکانیان لە هەرێمی کوردستان و ڕێگە نەدەن ئێران ناچاریان بکات بە ڕادەستکردنەوە یان دەرکردنی لایەنە کوردییەکان. ئەو هۆشداریشی دا کە دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت چاوکراوەبن، چونکە ئەگەری هەیە ئێران لەم قۆناغەدا شەپۆلێکی نوێی تیرۆر و سوودوەرگرتن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) دژ بە نەیارەکانی دەستپێبکات.