ڕاستەوخۆ

هۆشداری لەبارەی خراپی دۆخی کۆچبەرە گەڕاوەکانی عەفرین دەدرێت

reset font size increase font size

کۆچبەرانی عەفرین دوای نۆ ساڵ لە ئاوارەیی و کۆچبەری گەڕانەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەیاندا ڕووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی و ئابوریی سەخت بوونەتەوە، بەهۆی ئەوەی ماڵەکانیان لەلایەن چەکدارەکان و خێزانەکانیانەوە وێران کراون.

بەگوێرەی زانیارییە ناوخۆییەکان، ئەو هاووڵاتییە عەفرینییانەی کە گەڕاونەتەوە ڕایانگەیاندووە، ماڵەکانیان بە دەستی چەکدارانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا و خێزانەکانیان تاڵان و وێران کراون.

چەکدارەکان سەرجەم کەلوپەل، دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانیان دزیوە و بەشێک لە ماڵەکانیش لە کاتی شەڕەکاندا بە تەواوی ڕووخاون. ئەم دۆخە وایکردووە عەفرینییەکان ناچار بن لەسەر ئەرکی خۆیان دەست بە نۆژەنکردنەوە و دروستکردنەوەی ماڵەکانیان بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە دۆخی ئابووریی هاووڵاتییان زۆر لاوازە و نرخی کەرەستەکانی بیناسازی و نۆژەنکردنەوەش لە بازاڕدا گرانن.

جگە لە وێرانکاریی ماڵەکان، کێشەیەکی دیکەی گەڕاوەکان دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانیانە. چەندین خێزانی گەڕاوەی عەفرینی ئاماژەیان بەوە کردووە ئەو دانیشتووانە هاوردانەی کە لە دەرەوەی عەفرینەوە هێنراونەتە ناوچەکە، دەستیان بەسەر ماڵەکانیاندا گرتووە و ئامادە نین چۆڵی بکەن.

ئەو دانیشتووانە هاوردانە داوای پارە لە خاوەن ماڵە ڕەسەنەکان دەکەن بۆ چۆڵکردنی و بەهۆی نەبوونی پارە و نەدارییەوە عەفرینییەکان ناتوانن بچنە ناو ماڵەکانی خۆیانەوە. لەبەرئەمە، ناچار بوون یان ماڵەکانی خۆیان بە کرێ بگرنەوە یان بچن لەلای خزم و کەس‌وکاریان بژین.

کۆچبەرانی گەڕاوەی عەفرین داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و نێودەوڵەتییەکان دەکەن بەپەلە بێنە سەر هێڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و کار بکەن بۆ گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵکەکانیان.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.