عەبدوڵڵا ئۆجالان لە پەیامێکیدا بۆ 24مین جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) کە هاوکاتە لەگەڵ 27ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەو کۆنگرەیە، تیشکی خستە سەر پێگەی ئێستای کورد لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا و ڕایگەیاند، گەلی کورد دوای سەدان ساڵ لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی نکۆڵی، لەناوبردن و پارچەکردن، ئێستا بە قوربانیدانێکی مەزنەوە بووەتە دینامیکێکی جڤاکی و کارەکتەرێکی هێندە سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە چیتر ناکرێت ئیرادەی بە نەبوو لەقەڵەم بدرێت.
ئۆجالان لە پەیامەکەیدا کە لە زیندانی ئیمراڵییەوە ئاڕاستەی کۆنگرەکەی کردووە، داوای بونیادنانی یەکێتییەکی نەتەوەیی دیموکراتییانە لەسەر بنەمای دیالۆگ دەکات و جەخت دەکاتەوە و دەڵێت:
"یەکێتی نەتەوەیی کورد ئامانجێکی وەها نییە کەوا تەڤگەرێکی سیاسی، پارتێک یان لایەنێک بەتەنیا بیهێنێتەدی. ئەم یەکێتییە تەنیا دەتوانرێت بە هەوڵ و کۆششی هاوبەشی هەموو هێزە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران، ژنان، گەنجان و دینامیکە جڤاکییەکانی کورد بونیادبنرێت."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی ئەم یەکێتییە توانەوەی جیاوازییەکان نییە، بەڵکو بەیەکگەیشتنیانە لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتی بۆ پێشخستنی هەڵوێستێکی هاوبەش لەو مەسەلە سەرەکییانەی کە بەرژەوەندیی گشتیی گەلی کورد دەپارێزن، تاوەکو چیتر ڕێگە نەدرێت کوردان دژ بەیەکتری بەکاربهێنرێن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا،ئۆجالان ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر پاشەڕۆژی پرسی کورد دەدات و دەڵێت، بژاردەی مێژوویی بەردەم گەلی کورد تەنیا گفتوگۆکردن نییە لەسەر "ستاتۆی سیاسی"، بەڵکو مژاری سەرەکی ئەوەیە کە چ جۆرە ژیانێکی کۆمەڵایەتی بونیاد دەنرێت.
ئەو باسی لەوە کرد کە چەمکی کۆمەڵگەی دیموکراتی، چارەسەرکردنی کێشەکان لەبری شەڕ و توندوتیژی، بەڕێگەی سیاسەت، ماف و دانوستاندن بە بنچینە وەردەگرێت.
ئۆجەلان لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی کورد دەبێت پێکەوەژیانی ئاشتییانە و یەکسانی بێت لەگەڵ گەلانی دیکەی ناوچەکەدا، و تێپەڕاندنی لێکترازانەکانی ڕابردووش بە تاکە ڕێگەی گەیشتن بە ئازادی و داهاتوویەکی گەش بۆ گەلی کورد و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەزانێت.