لە سنووری ڕانیە خوێندکارانی پۆلی 12 ئامادهیی دژی بە ئۆنڵاینکردنی خوێندن گردبوونەوە و دەڵێن، لە زیانی ئەوانە.
ئەمڕۆ یهكشهممه خوێندکارانی پۆلی ئامادهیی12 لە دژی بە ئۆنڵاینکردنی خوێندن گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لەبەردەم پەروەردەی ڕاپەڕین ئهنجامدا و ڕایانگەیاند، سیستمەکە بۆ ئەوان نەگونجاوە و ڕەتیدەکەنەوە.
بە گوتەی خوێندکاران لەگەڵ ئەوەی قۆناغەکەیان چارەنوسسازە، هاوكات چەندین گرفتی دیکەشیان هەیە تا نەتوانن خوێندنی دەرەوەی هۆڵەکان پەسەند بکەن، لەوانە تێنەگەیشتن لە وانە و بابەتەکان بەهۆی نائامادەیی و گۆڕانی بەردەوامی پڕۆگرامی خوێندن.
بەشێک لە خوێندکارانیش هۆکاری خراپی گوزەران و داراییان بە کێشەیەکی سەرەکیی ناوبرد و ئاماژەیان بەوەکرد هەندێک خوێندکار مۆبایل و ئامێری وایان نییە بتوانێت سودی تەوا وببینێت و بەشێکیشیان گرفتی ئینتەرنێتیان هەیە.
داواشیانکرد، دەرگای خوێندنگەکان بکرێتەوە، لەگەڵیشیدا بەرنامەی خوێندن کەمبکرێتەوە و کاتیشیان بۆ درێژبکرێتەوە.
یەکێک لە لێکەوتەکانی جەنگی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر هەرێمی کوردستان ڕاگرتنی خوێندنبوو لە ناوەندەکانی خوێندن و لەگەڵ دەستپێکی شەڕەکە کە زیاتر لە مانگێکە، پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان وەستاوە.